به‌رپرسیاره‌تی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوری له‌ ئه‌ستۆی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌

moftiii-26-11-2014-B

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت”به‌رپرسیارێتی كاری هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان”، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووش ڕایده‌گه‌یه‌نێت داوای وه‌رگرتنی بۆچوونی ئێستایی حزبه‌كان كراوه‌.

عه‌دنان موفتی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی راگه‌یاندووه‌: یه‌كێتی پێشتریش هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ده‌ستور ئاشكراكردوه‌، ئه‌ویش كه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌تی به‌سازانی نیشتمانی، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی حزبه‌كان پێشتر له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی هه‌رێم نێردراوه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، دوای دیراسه‌كردنی ناردویه‌تی بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی خولی پێشتر بۆئه‌وه‌ی له‌م خوله‌دا بكرێته‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی په‌رله‌مان.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، وتیشی: له‌ئێستادا به‌رپرسیارێتی كاری هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ی كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.
عه‌دنان موفتی، ڕاشیگه‌یاند: به‌پێی پرۆژه‌كه‌ سیستمی حكومڕانی هه‌رێم په‌رله‌مانییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێت كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، كه‌خاڵێكی داواكاری زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی بچێته‌وه‌ په‌رله‌مان.
به‌پێی زانیارییه‌كان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی ١٨/١١دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان، له‌سه‌ر (هه‌مواری ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان)، داوای لێكردون كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حزبه‌كانیان بۆ ئاگاداربوون و زانینی بۆچوونی نوێی حزبه‌كانیان.
لای خۆشیه‌وه‌، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو، جه‌ختی له‌ڕاستی زانیارییه‌كان كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ئه‌و داوایه‌كراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك حزب بۆچوونی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبێت له‌سه‌ر پرۆژه‌ی ده‌ستور.