وه‌ستا ره‌سوڵ: له‌شه‌ڕه‌كه‌ی ته‌ل ئه‌لوه‌رد سه‌دان ته‌رمی داعش به‌جێماوه‌

5551027112014_wa

سه‌عات 02:30 ده‌قیقه‌ی به‌ره‌به‌یانی دوێنی 26-11-2014، تیرۆرستانی داعش له‌ سنوری ته‌ل ئه‌لوه‌رد، هێرشیان كرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و توانیان كه‌مێك پێشڕه‌وی بكه‌ن بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 15 سه‌عات شه‌ڕوپێكدادان به‌رده‌وام بوو كه‌ دواجار هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان توانیان ئه‌و شوێنانه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه‌و زیانی زۆریش بگه‌یه‌نن به‌ تیرۆرستانی داعش.

فه‌رمانده‌ی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی باشوری كه‌ركوكیش ئاشكرایده‌كات كه‌ به‌سه‌دان ته‌رمی تیرۆرستان له‌ژێر ده‌ستیاندایه‌و هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش بێ زیان نه‌بوون و شه‌هید و بریندار هه‌یه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ شه‌هێده‌كان كوڕێكی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سكرتێری حزبی سۆشیالیستی كوردستانه‌.

وه‌ستا ره‌سوڵ فه‌رمانده‌ی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی باشوری كه‌ركوك له‌ لێدوانێكیدا بۆ PUKmedia ته‌واوی شه‌و شه‌ڕوپێكدادتنه‌ی خسته‌ڕوو وتی: به‌ره‌به‌یانی رۆژی 26-11-2014، سه‌عات 02:30 ده‌قیقیه‌، دوای ئه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، توانیان له‌ میحوه‌ری 5 له‌ سنوری لیوای 6 و له‌ ته‌ل ئه‌لوه‌رد كه‌مێك پێشڕه‌وی بكه‌ن، به‌ڵام له‌ میحوه‌ری 4 سنوری مه‌كته‌ب خالد و مریه‌م به‌گ، هه‌موو هێرشه‌كانیان تێكشكێندرا.
وتیشی: شه‌ڕوپێكدادان به‌ قورسی به‌رده‌وام بوو نیوه‌ڕۆكه‌ی تیرۆرستانی داعش زۆر هه‌وڵیاندا كه‌ له‌ پرده‌كه‌ی ته‌ل ئه‌لوه‌رد بپه‌ڕێنه‌وه‌و به‌دوو ئۆتۆمبێلی هه‌مه‌ڕی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كرد، به‌ڵام ئێمه‌ توانیمان ئۆتۆمبێله‌كان بته‌قێنینه‌وه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ ئاگرێكی گه‌وره‌ دروستبوو، من ئه‌و ئاگره‌م ناوناوه‌ شه‌ڕه‌ ناو ئاگر له‌سه‌ر ئه‌و وته‌ی مام جه‌لال كه‌ ده‌ڵێت “شه‌ڕ له‌ ناو شه‌ڕدا جه‌نڕاڵ به‌فر له‌یه‌كی دورخستینه‌وه‌”، ئێمه‌ش به‌هۆی ئه‌و ئاگر كه‌وتنه‌وه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ تیرۆرستانی داعش له‌ یه‌ك دووركه‌وتینه‌وه‌.

راشیگه‌یاند: پاشان سه‌عات 4ی ئێواره‌ به‌سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌ئاماده‌بوونی و چه‌ندین كادری تری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پلانێك دابرێژین و ئه‌و شوێنانه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ین كه‌ تێیدا داعش پێشڕه‌وی كردبوو، هه‌روه‌ها من و دكتۆر كه‌مال فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری 5 و محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، كۆبینه‌وه‌و دوای سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كان، بڕیارماندا له‌ دوو قۆڵه‌وه‌ هێرش بكه‌ینه‌ سه‌ر سنوری ته‌ل ئه‌لوه‌ردو گوندی مه‌كته‌ب خالد.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: به‌هاوكاری هێزێكی دژه‌تیرۆر كه‌پۆڵات تاڵه‌بانی سه‌رپه‌رشتی ده‌كردو لیوای یه‌ك كه‌ عه‌مید شێركو سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد توانیمان له‌ ماوه‌ی نیو سه‌عاتدا، گوندی مه‌كته‌ب خالدو به‌رازاییه‌كانی مه‌كته‌ب خالد كۆنتڕۆڵ بكه‌ین.

فه‌رمانده‌ی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی باشوری كه‌ركوك وتیشی: له‌و شه‌ڕه‌دا به‌پێی زانیارییه‌كانمان به‌ سه‌دان تیرۆرست كوژراون، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش بێ زیان نه‌بوین و شه‌هیدو برینداریشمان هه‌یه‌.

وه‌ستا ره‌سوڵ راشیگه‌یاند: فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانانیش هاوكار بوون و هێزی پشتیوانیش رۆڵی زۆر به‌رچاویان هه‌بووه‌.

رونیشیكرده‌وه‌: له‌سه‌عات 6ی ئێواره‌ ئه‌و شوێنانه‌ش زیاترمان كۆنتڕۆڵ كردووه‌ كه‌ مه‌به‌ستمان بوو، به‌سه‌دان ته‌رمی تیرۆرستان له‌ژێر ده‌ستماندایه‌و له‌و كاته‌شه‌وه‌ تیرۆرستان هێرشیان نه‌كردووه‌.