حكومه‌ت پێشنیارێكی فراكسیۆنی سه‌وز جێبه‌جێ ده‌كات

28171422122014_22222

دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا فراكسیۆنی سه‌وز له‌په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌ یاسایه‌كیان سه‌باره‌ت به‌دواخستی پێدانه‌وه‌ی قیستی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مانی كوردستان كردو پاشان پرۆژه‌كه‌ ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی له‌سه‌ر كۆكرایه‌وه‌و دواتر ره‌وانه‌ی حكومه‌ت كرا، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی به‌بڕیارێك، بڕیاریدا كه‌ پێدانه‌وه‌ی قیسته‌كان دوابخات و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌سودمه‌ندبوون له‌قه‌رزی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی ده‌توانن تا كۆتایی ساڵی 2015 قیسته‌كانیان بده‌نه‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌ماوه‌ی رابردوودا فراكسیۆنی سه‌وز پرۆژه‌ یاسایه‌كی له‌باره‌ی دواخستنی قیستی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرد.

وتیشی: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ناوی قیستی كشتوكاڵی و پیشه‌سازییه‌وه‌ قه‌رزیان له‌حكومه‌ت كردوه‌، ده‌توانن تا كۆتایی ساڵی 2015 ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بده‌نه‌وه‌ به‌حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ئه‌مساڵدا به‌رهه‌می جوتیاران وه‌ك پێویست پاره‌ی نه‌كردوه‌و هه‌روه‌ها تائێستاش حكومه‌ت به‌ رێژه‌ی 30 %پاره‌ی گه‌نمی داوه‌ته‌وه‌ به‌جوتیاران، واته‌ هێشتا حكومه‌تی هه‌رێم 70% پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی لاماوه‌.

راشیگه‌یاند: پرۆژه‌كه‌ له‌رابردوودا له‌لایه‌ن فراكسیۆنی سه‌وزه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌و به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌مڕۆ 22-121-2014 به‌بڕیاری ژماره‌ 94، وه‌زاره‌تی دارایی بڕیاریدا كه‌ قیستی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی له‌كۆتایی ساڵی 2015 دا له‌و كه‌سانه‌ وه‌ربگيرێته‌وه‌ كه‌ وه‌ریانگرتوه‌.

خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌پرۆژه‌كه‌ی فراكسیۆنی سه‌وزو هه‌روه‌ها له‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زیاده‌ ناچێته‌ سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن جوتیاران و خاوه‌ن پیشه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌.

PUKmedia دیار ستار