ی ن ک

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

دامەزراندن

لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٥ دا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ک) دامەزرێنرا نزیکەی دوو مانگ دوای ھەرەسی‌ شۆڕشی ئه‌یلول لە ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥. رێکخراوەکە لەکاتێکدا دامەزرا کە کوردی عێراق لەوپەڕی‌ قەیراندا بوو و مەبەست لێی‌ زیندووکردنەوەی بەرگری بوو و ھەروەھا دروستکردنەوە‌و ئاراستەکردی کۆمەڵگای کوردی بە ئاراستەی مۆدێرن‌و دیموکراتیدا. ی.ن.ک بووە پارتێکی سەرەکی کوردی‌و جوڵانەوەیەکی سیاسی عێراقیی کە شوێنکەوتوویەکی زۆری ھەبوو لەناو کوردەکانا،‌و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یاریکەرێکی سەرەکی بوو لە دروستکردنی ڕووداوەکان‌و گەشەکردنیان لە ناوچەکەدا. جەلال تاڵەبانی، کە پێشتر سەرکردەی قوتابیان، پارێزەر، ڕۆژنامەنووس‌ و سەرکردەی بەرگری بوە، سکرتێری گشتیی ینک-ە لە کاتی دامەزراندنییەوە لە ١٩٧٥. لە بنکەکانییەوە لەناو خاکی عێراقدا، سەرکردایەتی بەرگری کوردی دەکرد لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٧٠ و تەواوی ١٩٨٠. تاڵەبانی، بەنوێنەرایەتی ینک‌و بەرەی‌ کوردستان، سەرکردایەتی چەند ھەوڵێکی کردووە بۆ دەستختنی چارەسەرێکی سیاسی دیموکراتی بۆ دۆزی نەتەوەیی کورد لە عێراقدا.

مێژوو

ی.ن.ک ھاوپەیمانێتییەک بوو لە نێوان پێنج قەوارەی‌ سەربەخۆی‌ سیاسی کە لەلایەن جەلال تاڵەبانی، کە کوردەکان بە مام جەلال ناوی دەبەن، ‌و نەوشیروان مستەفا سەرکردایەتی دەکرا. بەشە سەرەکیەکان ئەمانە بوون: کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان‌و شۆڕشگێڕان. چینی خوێندەوار‌و رۆشنبیر پاڵپشتی سەرەکی ینک بوو لە کوردستانی عێراق، لە کۆی ١٥ ئەندامی دامەزرێنەر، ١٣ کەسیان کەسی ئەکادیمی‌و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بوون. لە بنەڕەتدا، پارتەکە زیندووترین جوڵانەوەی سیاسی‌ بوو کە وردەوردە بەرەو ھاتە ناوەڕاستی مەیدانەکەوە‌و ئێستاش بوو بە پارتێکی سۆشیال دیموکرات‌و ئەندامە لە سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ. لە سەرتای ١٩٨٠کان، ینک لە ھەموو چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا بڵاوبووەوە بەتایبەتی چینی لادێ. ھەڵبژاردنە ھەرێمییەکەی کوردستان ئەوەی دەرخست کە زۆرینەی‌ لایەنگرانی ینک لە ناوچەکانی باشوری کوردستانی عێراقەوەن. لە جەنگی کەنداوی یەکەمەوە، ینک لەگەڵ پدک باکوری عێراق بەڕێوە دەبەن. ھەرچەندە ھاوکاری لەگەڵ پدک لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا ھەمیشە بە ھێمنی نەبووە‌و چەند جارێک لەنێوان چەکدارانی ھەردوولادا توند‌وتیژیی گراوەتەوە بەر. لە ئەنجامدا ناوچەکە بووە بە دوو بەشەوە، بەشی‌ ژێر دەسەڵاتی پارتی‌و بەشی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی- کە شاری سلێمانی سەنتەرێتی.

پرۆگرام

ی ن ک کاردەکات بۆ دەستخستنی مافی‌ چارەی‌ خۆنووسین بۆ کوردەکان لە عێراقێکی دیموکراتی یەکپارچەدا‌و داوای‌ چارەسەری‌ سیاسی‌ دەکات بۆ پرسی‌ نەتەوەی کورد لەسەر بنەماکانی دیموکراسی‌، مافی‌ مرۆڤ‌و ھەروەھا داننان بە شوناسی نەتەوەیی‌و کلتوری کوردا. ی ن ک کار بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دەکات بە رێکخراوە مەدەنییەکانەوە لە کوردستانی عێراق. ھەڵبژاردنی ئازاد‌و کراوە، رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئازادی رادەبڕین‌و رۆژنامەوانی‌و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بە یەکسانییشەوە لەو بابەتانەن کە ینک کاری بۆ دەکات. لەبەرئەوەی خۆی‌ لە ئاراستەی سۆشیال دیموکراتی جیھاندا دەبینێتەوە، ینک باوەڕی‌ وایە کە سیاسەتی حکومەت‌و ھێزی بازاڕ دەبێ یەکبخرێ بۆ گەشەیەکی ھاوتای ئابووری‌و کۆمەڵگا‌و خۆشگوزەرانی. ینک باوەڕی وایە کوردەکان تاکە قوربانی دەستی رژێمی عێراق نەبوون‌و کار بۆ پاراستنی مافی کەمەنەتەوایەتی‌و کەمایەتییە ئایینییەکانی تر دەکات لە عێراقدا. لەمبارەیەوە، ینک کار لەگەڵ نوێنەری جڤاتی تورکمان‌و ئاشورییەکاندا دەکات، ھەروەھا نوێنەری رێکخراوەکانی ژنانیش. وەک بەشێک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ینک رێز لە ھەموو جڤاتە سیاسی‌‌و کلتوری‌‌و قەومییە جیاوازەکان دەگرێت. ئەم دیدە وای‌ کردووە تورکمان‌و ئاشورییەکان دامەزراوەی فێرکردن‌و کلتوری خۆیان ھەبێت، ھەروەھا کەنیسەش گەڕاوەتەوە سلێمانی‌و شارەکانی تر بۆ ئەوکەسانەی کە مەسیحین. ینک چالاکانە بەشێکە لە ھێزە دیموکراتییەکان لە عێراقدا‌و کار بۆ ھێنانەدی سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراتی دەکات بۆ عێراق. ی ن ک داوای‌ دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵی‌ بۆ عێراق دەکات کە تیایدا کوردەکان‌و جڤاتە قەومی‌و کلتورییەکانی تر بتوانن ئابووری، کلتور‌و کۆمەڵگەی‌ خۆیان بەرەوپێشبەرن. 

ئەرک

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەی وایە کە کار بۆ مافی چارەی خۆنووسین، مافی مرۆڤ‌و دیموکراسی دەکات، سەرەڕای ئاشتی‌و ئارامی بۆ کوردەکانی عێراق.

سەرکردایەتی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی‌یە، کە ئێستا سەرۆک کۆماری عێراقە. سیاسەت‌و بڕیارەکانی ینک لەلایەن دەستەیەکەوە دائەڕێژرێن کە مەکتەبی سیاسیە.

پێکھاتە

ی ن ک پارتێکی سیاسی مۆدێرنی رێکخراوە. بڕیاردەران دەستەیەکن لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە ٣٢ کەسن. ئەنجومەنی سەرکردایەتی سکرتێری گشتی‌و ١١ ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵدەبژێرن، کە بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی رۆژ بە رۆژی‌ رێکخراوەکە‌و جێبەجێکردنی بڕیار‌و فرمانەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی. لە بنەڕەتدا ی ن ک دامەزرێنرا وەک چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ئاراستە سیاسییە کوردییە جیاجیاکان لە عێراقدا. لە ساڵی‌ ١٩٩٢، پێکھاتە جیاجیاکانی ناو ینک یەکیانگرت‌و بوون بە جوڵانەوەیەکی یەکپارچەی‌ سۆشیال دیموکراتی. ی ن ک لقی لە ھەموو شار‌و شارۆچکە سەرەکییەکانی کوردستانی عێراق ھەیە‌و لایەنگر‌و ئەندامی لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی کوردیدا ھەیە. ژمارەی‌ ئەندامەکانی ینک بەپێ‌ی‌ ئامارێکی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨، ١٤٨٢٨٠ کەسن. ی ن ک لە ھەڵبژاردنەکەی ١٩٩٢ی کۆمەڵەی‌ نەتەوەیی کوردستان بەشداری کرد‌و لیستەکەی توانی ٤٢٣٦٨٢ دەنگ بەدەست بھێنێت لە کۆی ٩٥٧٤٦٩ دەنگی دروست کە زۆرینەی لە سێ‌ پارێزگا لە کۆی چوار پارێزگاکەی کوردستان بەدەستھێنا.

بەشە رێکخراوەییەکانی ی ن ک

مەکتەب رێکخستن

رێکخراوەکانی ی ن ک لە سەرتاسەری ھەرێمەکەدا بەڕێوە دەبات‌و بەرھەمھێنان‌و بڵاوکردنەوەی بابەتی پەروەردەیی‌و زانیاری بەسەر ئەندامەکاندا لە ئەستۆی‌ ئەم مەکتەبەیە. جگە لەمانە، سەرپەرشتی‌و چاودێری پرۆسەکانی ھەڵبژاردن دەکات لە رێکخراوەکەدا بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاسا‌و رێنماییەکان. مەکتەبی رێکخستن دەربارەی‌ ھەل‌و مەرجی ئەندامێتی لە ینک‌و پێشنیارەکان بۆ ھێشتنەوەی ینک لەئاستێکدا کە زۆرترین ئەندامی ھەبێت، راپۆرت بۆ مەکتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەرز دەکاتەوە. مەکتەبەکە سەنتەرەکانی راھێنان بەڕێوەدەبات کە تیایدا کادرەکان یەکێتی ھوشیاردەکرێن‌و رادەھێنرێن لەرووی یاسایی‌و فکری‌و مەیدانی سیاسی‌‌و رێکاری چالاکییەکان. ئەم راھێنانە ئەندامەکانی پارتەکە ئامادەدەکات بۆئەوەی چالاکانە بەشداری بکەن لە چالاکییەکانی پارتەکە‌و پێگە ئیدارییەکان لە پارتەکەداو یان پێگە ئیدارییەکان لە ناوچەکەدا.

مەکتەبی راگەیاندن

سەرپەرشتی‌و بەڕێوەبردنی راگەیاندنەکانی ی ن ک- ی لە ئەستۆیە. ئێستا ی ن ک چەند کەناڵێکی ھەیە: تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان (لە سلێمانی)، کە کەناڵی‌ سەرەکی تەلەفزیۆنە،‌و چەند کەناڵێکی تری تەلەفزیۆنی ناوخۆیی لە شار‌و شارۆچکەکاندا لە ناوچەکە، دەنگ گەلی‌ کوردستان، کە رادیۆیەکە پەخشی‌ کوردی‌و عەرەبیی ھەیە. دەگاتە سەرتاسەری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەوروپا. کوردستانی نوێ- رۆژنامەیەکی رۆژانە، ھەفتەنامەی ئەلئیتیحادی عەرەبی،‌و (زی مۆنیتەر)، چاپکراوێکی رۆژانەی کوردی‌و عەرەبییە، کە چاودێری ئاژانسە جیھانییەکان دەکات دەربارەی‌ ئەو بابەتانەی تایبەتن بە کورد‌و عێراقەوە.

مەکتەبی رێکخراوە مەدەنی‌و کلتورییەکان

وەک ھاوکارێکی رێکخراوە پیشەیی‌و کلتورییەکان کاردەکات نمونە وەک کۆمەڵەی‌ خوێندکارانی کوردستان، یەکێتیی ژنانی کوردستان،‌و کۆمەڵەی نووسەران.

مەکتەبی ئیدارە‌و دارایی

کاروباری دارایی‌و ستافی کارگێڕی رێکخراوەکە بەڕێوەدەبەن. ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە رێگەی کۆمیسیۆنێکی وردبینییەوە چاودێری چالاکییەکانی ئەم مەکتەبە دەکات.

مەکتەبی مافی‌ مرۆڤ

ئەم مەکتەبە بەمەبەستی چاودێری ھەلومەرجی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی عێراقدا بنیاد نرا، بە تایبەت بۆ لەبەرچاوگرتنی ھەڵسوکەوتی ئەندامانی ینک‌و سەرکردایەتییەکەی. ئەم مەکتەبە وەکو ھاوکارێکی رێکخراوە ناوخۆییەکانی مافی‌ مرۆڤ کاردەکات‌و بە شێوەیەکی بەرفراوان ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوە دەربارەی‌ بنەماکانی مافی‌ مرۆڤ، رۆڵی‌ یاسا،‌و دیموکراسی ئەنجامدەدات. ھەروەھا بۆ دڵنیابوون لە پابەندیی ی ن ک بۆ جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ. ئەم مەکتەبە راستەوخۆ راپۆرتەکانی بۆ سکرتێری گشتی ی ن ک بەرز دەکاتەوە.

مەکتەبی کاروباری کۆمەڵایەتی

بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوچەکە، ئەم مەکتەبە کارئاسانی بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بەتایبەت لەو بابەتانەدا کە پەیوەستە بە زەوی‌وزار‌و کێشەی‌ عەشایرییەوە.

مەکتەبی شەھیدان‌و پێشمەرگە دێرینەکان

ئەرکی ئەم مەکتەبە یارمەتیدانی خێزان‌و کەس‌وکاری قوربانیانی جەنگ‌و پێشمەرگە دێرینەکانە لە کوردستان.

مەکتەبی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

مەکتەبی پەیوەندیی نێودەوڵەتییەکان ھاوکاری‌ چالاکیی نوێنەرانی ینک دەکات لە دەرەوەی وڵات‌و راپۆرت بۆ سەرکردایەتی سیاسی ینک دەنێرێت سەبارەت بە حکومەت‌و دامەزراوە بیانییەکان. مەکتەبەکە رێنمایی نوێنەرانی ی ن ک دەکات‌و زانیاری پێویستیان دەداتێ دەربارەی ئەو چالاکیانەی ئەنجامی دەدەن. ئەمڕۆکە، ینک نوسینگەی‌ ھەمیشەیی لە واشنتتۆن، لەندەن، پاریس، بەرلین، مۆسکۆ، رۆما، ستۆکھۆڵم‌و برۆکسل ھەیە، جێگەی پەرلەمانی ئەوروپا. لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ی ن ک نوسینگەی لە تاران، ئەنکەرە، سوریا‌و میسر ھەیە.

سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی

لە بنەڕەتدا لەلایەن ی ن ک- ەوە، بەڵام بەشێوەیەکی سەربەخۆ، دامەزرێنراوە. ئەم سەنتەرە کە think-      tankە، پەیوەندی ھەیە بە زانکۆی سلێمانیەوە. کەسە پسپۆڕەکانی سەنتەرەکە دەربارەی‌ بابەتە ستراتیجییەکان دەنووسن‌و شیکردنەوە بۆ بابەتەکانی رۆژ پێشکەش دەکەن. سەنتەرەکە نووسینی کوردی یان وەرگێڕدراو بۆ کوردی بەرھەمدێنێت دەربارەی‌ سەبارەت بە بابەتە ستراتیجی‌‌و سیاسییەکانی خۆرەڵاتی ناوەڕاست‌و بڵاوکراوەیەکی ھەیە بەناوی (سیاسەتی نێودەوڵەتی)یەوە.

مەکتەبی بیر‌و ھوشیاری

مەکتەبی ھەڵبژاردن

پڕۆژەکانی ئەم دواییە

ینک لەگەڵ پ دک‌و چەند حزبێکی بچوک دا ھاوپەیمانی دیموکراتی نیشتمانی کوردستانیان راگەیاند وەک چەترێک بۆ کۆکردنەوەی پارتەکان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ٢٠٠٥. ئەم لیستە یەکخراوە کوردییە ٢٥.٦%ی دەنگەکانی یەکەم ھەڵبژاردنی دوای سەدامی بەدەستھێنا لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥. جەلال تاڵەبانی ئێستا سەرۆک کۆماری عێراقە. ئەمەش بڕیارێکی بەدوای‌ خۆیدا ھێنا‌و لە کانونی دووەمی ٢٠٠٦ ھاوپەیمانییەکی لەگەڵ پ دک رێکخست بۆ بەڕێوەبردنی کوردستانی عێراق لە ئیدارەیەکی ھاوبەشدا.

سه‌رچاوه‌: ویکیپیدیا